وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، “ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی نادیار دەڕوات و ئەگەر هەڕەشەیەک ڕووی کردە وڵاتەکەمان، دەبێت بە یەک دەنگی و یەک سەنگەریی ڕووبەڕووی ببینەوە”.
ئەو گوتانەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی وتارێکیدا هات، کە ئەمڕۆ سێشەم، ٦ی ئابی ٢٠٢٤ لەمیانەی مەراسیمی ڕادەستکردنی کاروانێکی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەشی کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، “کۆمەک و هاوکارییەکان خۆی لە ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر دەبینیەوە و لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و پاشان لەمەراسیمێکدا ڕادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دووی وەزارەتی پێشمەرگە کران”.
لەسەرەتایی ڕێوڕەسمەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە وتەیەکەدا، سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان “بە بەردەوامی” پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن “بە شێوەیەک کە هاوکارییەکان کاریگەری هەیه لە سەر بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان”، لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وا هاتووە.
وەزیری پێشمەرگه ئاماژەی بەوەدا، کە “ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سەرەتای جەنگی داعشەوە تا ئێستا هاوکار و هاوئاهەنگ بوون و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان” و هەروەها هاوکاریەکانیشی بەمایەی “پێزانینی پێشمەرگە و گەلی کورد” وەسف کرد.
شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی گوت: “ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی نادیار دەڕوات و ئەگەر هەڕەشەیەک ڕووی کردە وڵاتەکەمان، دەبێت بە یەک دەنگی و یەک سەنگەریی ڕووبەڕووی ببینەوە”.
لەبەردەوامی رێوڕەسمەکەدا، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەت لە وتەیەکدا ئاماژەی بە پێویستیی بەردەوامی هێزی پێشمەرگە بە هاوکاریی پەیمانان کرد، “بەتایبەت لەدابینکردنی چەک و پاڵپشتییە لۆجستییەکان و بەردەوامیدان بە مەشق و ڕاهێنانەکان”.
سەرۆکی ئەرکان گوتیشی: “پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش هاوکێشەی جەنگی گۆڕی و پێشڕەوی تێکشکاندنی گەورەترین هێزی تیرۆرستی داعشی لەسەر زەوی کرد” و جەختی کردەوە: “بۆیە بەردەوامبوونی کۆمەک و پاڵپشتییە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ ڕێگریکردن لەدووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر لەناوچەکەدا”.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لەوتەیەکدا گوتی: “ئەمڕۆ هێنانەجێی پلانێکی درێژخایەنی توانایەکی سەربازییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، گەیاندنی تۆپی هاویتزەر تێپەڕاندنی هەنگاوێکی بەرچاوە لە بنیاتنانی هێزی پێشمەرگە، ئەم جۆرە چەکە دەبێتە مایەی پتەوکردنی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گشتی و بەزاندنی یەکجارەکی داعش.”
“ئێمە ئاگادار و هۆشیارین لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی مەترسی داعش، هەروەها پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ پاڵپشتی بەردەوامی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدا کە پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییانە” کونسوڵی گشتی ئەمریکا وای گوت.
مارک سترۆ دەستخۆشی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بۆ دابەشکردنی تۆپەکان بەسەر هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی کە ئێستا لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان و ئەمەشی بە “نمونەیەکی دیکەی پابەندبوونی پێشمەرگە بۆ بەدیهێنانی هێزێکی بێلایەن یاخود ناحزبی” وەسف کرد.