ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم، ٨ی ئابی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگیی ڕێژەی فەرمانبەران و ئاسانکاریی ڕێکارەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی میلاکات و بەرزکردنەوەی کارایی دامودەزگاکانی حکوومەت لەو ناوچانە، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە داوە كە هەریەكە لە پارێزگاری (سلێمانی و هەڵەبجە) و (ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) دەسەڵاتی دەرکردنی (فەرمانی گواستنەوەی ڕاژە) و (تەنسیب)یان پێ دەدرێ بۆ ماوەی (٢) ساڵ بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حكوومییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان جگە لە ڕاژەی سەربازی، ئەم فەرمانە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناگرێتەوە.
هاوکات حکوومەتی هەرێم دەڵێ، مەسرور بارزانی، ڕەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی ڕێژەی ٣٠٪ لە داهاتی پارێزگای سلێمانیی ئاماژەپێکراو (دیوانی پارێزگا و کاروباری هونەری) بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستە بچووکەکان لە سنووری پارێزگاکەیان و پێدانی دەسەڵات (پارێزگاری سلێمانی) بە مەبەستی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، ڕەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی پێشینەکانی پارێزگای سلێمانی و قایمقامیەتەکان لە ١٨٣ ملیۆن دینارەوە بۆ ٣١٩ ملیۆن دینار. هەروەها زیادکردنی پێشینەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە ٢١٠ ملیۆن دینارەوە بۆ ٣٥٠ ملیۆن دینار.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەت، ڕەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی بڕی ٥٢٢ ملیۆن و ٢٠٨ هەزار دینار بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕووپێویی فڕۆکەوانی کە لە لایەن کۆمپانیای (CGX) فەڕەنسی دابین دەکرێت و هاوکات ڕەزامەندیش دراوە لەسەر خەرجکردنی ٦٨ هەزار و ٩٠٠ دۆلار بۆ کڕینی ئامێری (X-RAY) جۆری (HS6040- zis)، بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
هەروەها ڕەزامەندیش دراوە لەسەر خەرجکردنی بڕی شەش ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.