Site icon Zed Press

پارێزگاری هەولێر لە بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان پەشیمان بوویەوە

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، “سەرقاڵی پلانێکن بۆ دابینکردنی زەوی لە دەرەوەی شار بۆ پاڵاوگەکان” و ئەوەش پاشگەزبوونەوەیە لە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی ئابی ٢٠٢٤، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن گوتی: “پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرهەمەکەیان سووتەمەنییە و پێویستی ژیانە، بۆیە دەبێت شێوەیەک بدۆزینەوە بۆ کارکردنیان لە دەرەوەی شار، چونکە دەرفەتی کارە و سووتەمەنییەکەش پێویستیی هاووڵاتییانە، لە پلاندایە و کاری بۆ دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابینبکرێت”.

ئەو لێدوانەی پارێزگاری هەولێر لەکاتێکدا دێت، کە ڕۆژی یەکشەم، ٤ی ئابی ٢٠٢٤، ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم لە زاری ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێرەوە، بڕیاری داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگاکە ڕاگەیاند و ئێوارەی هەمان ڕۆژ، حکوومەتی خۆجێیی هەولێر ڕایگەیاند، دەستیان بە هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان کردووە. هەر ئەوکات زێدپرێس لە ڕاپۆرتێکی بەدواداچوونی ورددا ڕوونی کردەوە، کە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان زیاتر لە ١٠ ساڵە دراوە و جێبەجێ نەکراوە و ئێستایش بە چەندین هۆکاری جیاجیا توانای جێبەجێکردنی نییە.

 

دەقی ڕاپۆرتەکەی زێدپرێس

Exit mobile version