Site icon Zed Press

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بڵاوکردەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بڵاوکردەوە و دڵنیایی بە تورکمان دەدات کە “شوێنی گونجاو و شایستەی خۆیان ھەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە…

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (١٢/٨/٢٠٢٤) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بۆ کەرکووک کرا و  جەخت لە پابەندبوون بە سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلال بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لەنێوان سەرجەم پێکھاتە رەسەنەکانی ئەو شارە کرایەوە.

 

لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەتەنھا ھی یەکێتی و کورد نیە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ ھەموو کەرکوکییەکان بە سەرجەم پێکھاتەکانەوە، چونکە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر درێژەپێدەری ھەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە کە بەردەوام داکۆکی لەمافی گشت پێکھاتە رەسەنەکانی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەوە کردووە.

 

ھەر لەو بارەیەوە، بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی ھەموو پێکھاتەکان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی کەرکوک کرایەوە و جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیا دەکەینەوە ھاوشێوەی پێکھاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاو و شایستەی خۆیان ھەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک و یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانە و رازیش نابێت ھیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات.

 

لەلایەکی ترەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگھێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد کە؛ لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن وباپێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ ھیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکھاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپا کردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە.

 

لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی ھاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە؛ ھەرچەندە پارێزگای ئێستای کەرکوک بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن یەکێتییە، بەڵام پێویستە دوور لەھەر ئینتمایەکی حزبی یان نەتەوەیی خزمەتی سەرجەم پێکھاتەکان بکات و کەرکوک تەنھا نەبێتە نمونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکھاتەکان، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیش ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ عیڕاق و ناوچەکە.

Exit mobile version