Site icon Zed Press

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەخاتەڕوو

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی دەوڵەت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە و فەرمانگەی بودجە ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و پاشان داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان، دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکوو مانگی شەشی ٢٠٢٤ ( خەرجی نیو ساڵ)، بە خەرجییەکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە.

مەسعوود حەیدەر زیاتر دەڵێ: “پێداچوونەوەکە بەردەوامە، فەرمانگەی بودجە سەربە وەزارەتی دارایی ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و پاشان داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی ھەشت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات، بەتەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێم دواناکەوێت”.

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوەش دەکات کە “وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی ھەموو هەوڵێک دەدات بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کارە کارگێڕییەکان تەواو بکات و مووچە بنێرێت”.

جەختی لەوەش کردەوە: “ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە و دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتوویش کێشەی نابێت”.

Exit mobile version