بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایشی سلێمانی، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سووتاندنی چیای گۆیژە ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەم، ١٨ی ئابی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایش، توانیان سێ تۆمەتباری سوتاندنی چیای گۆیژە دەستگیربکەن.
ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای کردووە، تۆمەتبارانی دەستگیرکراو بکەری سوتاندنی درەخت و پووش و پاوان و تێکدانی بەشێک لە ژینگە و سروشتی چیای گۆیژە بوون لە شەوی ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٤دا.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتباران بەپێی ماددەی (٣٤٢) لە یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراون و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە.
ئاسایشی سلێمانی، ناسنامەی تۆمەتبارەکان و هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکەی ڕانەگەیاندووە.

