وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتەکەیان کردووە و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوورییەوە پێشوازی کراون.
وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئامانجی سەردانەکەیان، خۆی لە وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ دەبینێتەوە و ئەوەش “لەسەر بنەمای یاسای بودجەی گشتی عێراق کە پێویستە هەر سێ مانگ جارێک تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی وردبیبی لە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن”، وەزارەتی دارایی و ئابووری وا دەڵێ.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، “پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە” و ڕایگەیاند: “لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە هونەری و تەکنیکییەکانی تایبەت بە خەرجی و داهات و لیستی مووچە و میالاکات بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانمان بەڕوویاندا کراوە بووە”.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەرپرسانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق “سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگی وەزیری داراییان کرد کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانەی لە بواری ژمێریاری و بودجە و داهات و خەرجییەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵدا هەبووە”.