محەمەد سەعددەدین سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێشتر بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوە، لەکاتی خۆیدا و ئەوەی ئێستا بەغدا دەیکات، نایاساییە.
ئاماژەی دا: “بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەیە بۆ ئەوەی مووچە دوانەكەوێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی بەغدا بەو جۆرەیە كە گوشار لە هەرێم بكات و بۆ ئەوەش مووچەی فەرمانبەران وەك ئامرازێك بەكار دێنێت”.
“ئەوەی بەغدا دەیكات نایاساییە و یاریكردنە بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران”، محەمەد سەعدەدەین وای گوت.
زیاتر دەڵێ: “بەسیاسیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەرانبەر گوشاركردن بۆ سەر حكوومەتی هەرێم، بۆیە هەموو كات مووچەی دواخستووە، ئەم مانگەش دەركەوت بەغدا ڕاست ناكات كە دەڵێت زووتر لیست بنێرن، چونكە مانگیكه هەرێم لیستی ناردووە و تا ئێستە بەغدا پارەی نەناردووە”.
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان ئاماژە بەوەش دەکات: “جارێك داوای لیستی مووچە بە سیدی و جارێكیش داوای كاغەز و هەر جارەی داوای شتێك دەكەن، لە سێ مانگی ڕابردووش كێشەیان بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكان دروست كرد و دوو مووچەیان دوا خست، كێشەكە پابەندنەبوونی بەغدایە بەو ڕێككەوتنانەی كە دەكرێت. بەغدا تا ئێستا مووچەی مانگی حەوتی نەناردووە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات بەئاشكرا ستەمە”.