ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤، ژمارەیەک لە تاقانەکانی ئەنفال و جینۆساید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، کە لەناو مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵ سازکرا، نیگەرانیان بەرانبەر بە زیادکردنی ژمارەی تاقانەکانی ئەنفال و جینۆساید ڕاگەیاند.
یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠١٥ دەرکراوە، تاقانەی جینۆساید بەو کەسە پێناسە دەکات، “لەکاتی ڕوودانی تاوانەکانی جینۆسایدی دژ بە گەلی کوردستان، پاش شەهیدکردنی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی، بەتەنیا ڕزگاری بووبێت”.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، یاداشتنامەیەکیان بەناوی تاقانەکانی جینۆسایدەوە بۆ کەناڵەکانی میدیایی خستەڕوو، کە تیایدا ئاماژەیان بەوە کرد، “هیچ کەس ئەوەندی ئێمە باجی نەداوە، لە تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید، جگە لە لەدەستدانی سەروەت و سامانی ماددی، تەواوی ئەندامانی خێزانەکەمان لە دایک و باوک، خوشک و برا لەدەستداوە”.
لەبەشێکی دیکەی یاداشتنامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆریان داوە، تاوەکوو یاسایەکی تایبەت بە تاقانەکانی جینۆساید دەربکرێت و چەند ئیمتیازاتێک لەخۆبگرێت، لەو ڕوانگەیەشەوە یاسای تاقانەکانی جینۆساید لە ساڵی ٢٠١٥دا دەرکراوە، بەڵام وەک دەڵێن: “یاساکە جگەلەوەی هیچ ماف و ئیمتیازێک بە تاقانەکانی جینۆساید نادات، بەشێوەیەکیش پێناسەی تاقانەی جینۆسایدی کردووە، هەمان تایبەتمەندی ئێمەی تێدا نییە، ژمارەی ڕاستەقینەی تاقانەکانی جینۆساید کە ١٧٠ کەسە، بەڵام بۆ نزیکەی هەزار کەس بەرز کراوەتەوە. لەو ڕوانگەیەوە ئەو یاسایە ڕەت دەکەینەوە، لەبەرئەوەی نە هیچ ماف و ئیمتیازاتێک لەخۆناگرێت، چەندین ساڵە وەزارەتەکە بەڵێنی بێکرداردمان پێ دەدات، لەبەرئەوە هیچ متمانەیەکمان بە وەزارەتەکە نەداوە”.
زیاتر دەڵێ: “لە ساڵانی ڕابردوویشەوە، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پەرلەمانی کوردستان چەندین جار بەڵێنی هەموارکردنەوەی یاسای تاقانەکانی جینۆسایدیان دا، بەڵام ڕاستگۆ نەبوون”.
لە کۆتایی یاداشتنامەکەشدا، تاقانەکانی جینۆساید دەڵێن: “خۆزگە دەخوازین ئەوەندەی خائین و ئەنفالچییەک ڕێزمان لێ بگرن”.
یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆساید بە ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە. بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسایەکە، تاقانەی جینۆساید هەمان ماف و ئیمتیازاتی کچ و کوڕی شەهیدی جینۆسایدی دەبێت، کە لە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٠٧ی هەموارکراو دەقنووس کراون. هەروەها، لەکاتی کۆچی دوایی تاقانەی جینۆسایددا، بە شەهیدی جینۆساید ئەژمار دەکرێت و سەرجەم ماف و ئیمتیازاتی شەهیدی جینۆساید کە لە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٠٧ هاتووە، بۆ وارسەکانیان دابین دەکرێت.
یاسایەکە، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە چاودێری باری دەروونی تاقانەکانی جینۆساید و چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەری تایبەت دەستەبەر دەکرێت.
هەر لە ناوەڕۆکی یاساکەدا هاتووە، ئەو تاقانەیەی جینۆساید کە کارمەندی هێزە چەکدارەکانن، لەکاتی شەردا نابێت بنێردرێنە بەرەکانی شەڕ.
لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢، عەبدوڵا مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “لەم کابینەیەدا وەزارەتمان لە ڕێگەی لیژنەی وردبینی لە دۆسیەی تاقانەکان بۆ یەکەمجار بە شێوازێکی یاسایی توانی ٣٦١ کەس وەک تاقانەی جینۆساید بناسێنێت“. وەزارەتەکە لە تەمووزی ساڵی پێشتر(٢٠٢١)، لیستی ناوی ٣١٢ تاقانەی جینۆسایدی ڕاگەیاندبوو. ئەوکات وەزارەتەکە بە نووسراوی ژمارە ١١٥ی تەمووزی ٢٠٢١ و بە واژۆی وەزیری کاروباری شەهیدان، ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەو ٣١٢ کەسەی وەک تاقانەی جینۆساید ناسێندراون، دۆسیەی ٤٢ کەسی دیکەیان ڕەت کردووەتەوە، کە حوکمەکانی یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەی جینۆساید نایانگرێتەوە و هاوکات دۆسیەی ٦٤ کەسی دیکەیشیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ڕەوانە کردووەتەوە، بەهۆی ناڕوونی بەڵگەنامەکانی ناو دۆسیەکانیان.
بەگوێرەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەی جینۆساید، پشتڕاستکردنەوەی تاقانەی جینۆساید، لە ڕێگەی لێژنەیەکی پسپۆڕ لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە سەرۆکایەتی دادوەرێکی پلەیەک دەبێت.