شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی گفتوگۆیان کردووە.
شاخەوان عەبدوڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێ: “دوای ئەوەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراقمان بەدەست گەیشت، کە خۆی لە حەوت خاڵ دەبینێتەوە و گوایە وەکوو بیانوو بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بەکار دەهێندرێت، ئەو خاڵانە جگە لە بیانووی بێبنەما پشتی بە هیچ دەقێکی یاسایی و واقعێکی حسابی نەبەستووە”.
ئاماژەی بەوە دا، بەو بۆنەوە دوێنێ ٢١ی ئاب لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کردووە و “نیگەرانی خۆمان و خەڵکی کوردستانم گەیاندە بەڕێزیان کە هەر جارە و بەبیانوویەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوادەخرێت و هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتەش وەزیری دارایی عێراقە و دەبێت ئەو دۆخە چاک بکرێت”.
شاخەوان عەبدوڵا زیاتر دەڵێ، نموونەی هەردوو خاڵی چوارەم و پێنجەمی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی لەگەڵ سوودانی باسکردووە، کە ناوەڕۆکەکەی دەڵێت ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لە کەرکووک و خانەقینن نابێت حکوومەتی هەرێم مووچەیان بدات ناویان ڕەشبکرێتەوە. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بۆ کردووە، بە سوودانی گوتووە: “ئەوانە هەمان ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە ساڵانێکە هەوڵ دەدەین بگوازرێنەوە سەر حکوومەتی ئیتحادی و خودی ئەو وەزیرە و ئەوانی پێشتریش ڕێگربوونە لە پڕۆسەکە، ئێستا لەجیاتی گواستنەوەیان وەزیری دارایی داوای کردووە مووچەکانیان ڕابگرن و خاڵەکانی تریش بەهەمان شێوە هیچ بنەمایەکی نییە، جگە لەسیاسەتی دژایەتیکردن و برسیکردنی خەڵکی کوردستان”.
شاخەوان عەبدوڵا، لەبارەی وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: “بەسوپاسەوە سەرۆک وەزیران گوتی من ئاگاداری ئەوە نەبوومە و وادەکەم وەزیری دارایی پەیوەندیت پێوە بکات”.
وەک ئاماژەی بۆ کردووە، دوای کاتژمێرێک، تەیف سامی وەزیری دارایی پەیوەندی کردووە: “گوتی سەرۆک وەزیران باسی لە نیگەرانییەکانی ئێوە کردووە، گوتم بەڵێ ئەوەی دەکرێت ناحەقییە و پێچەوانەی دەستوورە و دەچێتە خانەی جیاکارییەوە، هەروەها پێچەوانەی بڕیاری دادگای ئیتحادی و یاسای بودجەیە کە ئێمە لەپەرلەمان تەخسیساتی تەواومان بۆ مووچە و بودجەی هەرێم داناوە و دەنگی لەسەر دراوە”.
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق وەک شاخەوان عەبدوڵا دەڵێ: “هەندێک بیانووی هێناوە، کە ئەو هەڵەیەی فەرمانبەرانی کەرکووک چاک دەکرێت و بەشێکیشی دیوانی چاودێری دارایی بەرپرسە و لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنیان”.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: “هیوادارم ئەو پرسە بەیەکجاری کۆتایی بێت و چیتر بەبیانووی بێبنەما و دوور لەیاسا دەست بۆ قووت و بژێوی خەڵکی کوردستان نەبەن”.
“لێرەوەش ئەوە ڕادەگەیەنم کە هەفتەی داهاتوو داوایەک ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆک کۆمار و وەزیرەکانی کورد لە بەغدا و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کوردستان دەکەین بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە و ڕاگەیاندنی هەڵوێستێک لەو بارەوە”، شاخەوان عەبدوڵا وا دەڵێ.