سیپان شێروانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند، دەنگۆی زیادکردنی ناوی ٣٠ هەزار کەس لە لیستی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاست نییە.
لێدوانەکەی شێروانی، دوای ئەوە دێت، هەواڵی ئەوە لە کەناڵێکی میدیایی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ٣٠ هەزار ناوی نوێ خراوەتە سەر لیستی مووچەی ئەم مانگە، بەڵام لەژێر گوشاری بەغدا، ناچاربوون بە لابردنی ناوەکان و دووبارە ناردنەوەی لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زانیارییانە ڕاست نین: “نە حکوومەتی هەرێم ناوی زیادکردووە، نە وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لابردنی ناوی کردووە”.
پەرلەمانتارەکە، باسی لەوە کرد، بۆ ساخکردنەوەی دەنگۆکە، پەیوەندییان بە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هەواڵەکە ڕاست نییە.
سیپان شێروانی، ئاماژەی دا: “یاریکردن بەهەستی مووچەخۆرانی کوردستان لەو تاوانەی وەزارەتی دارایی عیراق گەورەترە کە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی ناردنی مووچەی ڕاگرتووە”.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی مانگی ئاب، هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دواکۆبوونەوەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لە بەغداوە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت “جیاکاری”یە و “هیچ پاساوێکی نییە”.

