Site icon Zed Press

وەزارەتی دارایی و ئابووری: ژمارەی مووچەخۆران لە لیستی مووچەدا کەمی کردووە

Ministry of Finance and Economy وەزارەتی دارایی و ئابوریی هه‌رێمی كوردستان زێدپرێس
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت، بەپێچەوانەی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باس لە زیادکردنی ژمارەی مووچەخۆران لە لیستی مووچەی مانگی تەممووزدا دەکەن، ژمارەکە بەراورد بە مانگی پێشووتر کەمی کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ ئەو هەواڵ و زانیارییانە بڵاوکردووەتەوە، کە باس لە زیادکردنی ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر بۆ سەر لیستی مووچەی مانگی تەممووز دەکەن.

وەزارەتەکە، ڕوونکردنەوەکەی بەناوی “پەتی درۆ کورتە” بڵاوکردووەتەوە و دەنگۆکان بە “ناڕاست و چەواشەکارانە” ناودەبات.

لەو ڕوانگەیەوە، دەڵێ، زیادکردنی ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە و لەو چوارچێوەیەشدا وردەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی تەممووزی خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکە، کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لیستی مانگی تەممووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشینەوە)، پێکهاتووە لە یەک ملیۆن و ١٣٢ هەزار و ٣٩٠ کەس، لەکاتێکدا ژمارەی مووچەخۆران لە لیستی مووچەی مانگی پێشتر(حوزەیرانی ٢٠٢٤)، یەک ملیۆن و ١٣٢ هەزار و ٩٦٧ کەس بووە و لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی عێراقیشەوە، “دوای وردبینی پارەی بۆ خەرج کردوون”.

ئەمەش وەک وەزارەتەکە دەڵێ، دەریدەخات کە لیستی مووچەی مانگی تەممووز کە تا ئێستا تەرخانکراوی داراییان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە بۆ خەرج نەکراوە (٥٧٧) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران. وەزارەتی دارایی و ئابووری هۆکاری کەمبوونەوەکە ڕوون دەکاتەوە، بەوەی ئەو ٥٧٧ مووچەخۆرە، فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوە کردووە، تەرخانکردنی دارایی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز، دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج و لێدەرکردنی بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کە بڕەکەی ٥٤ ملیار و ٢٠٨ ملیۆن دینارە، بریتییە لە ٩٥٦ ملیار و ٨٧٦ ملیۆن دینار، “ئەوەش نزیک و هاوشێوەی پارەداركردنی (تەمویل)ی مانگەکانی ڕابردووە، کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دوای وردبینی پارەداری کردووە”، وەزارەتی دارایی و ئابووری وای گوتووە.

وەزارەتەکە، هەڕەشەی ئەوەش دەکات، “لەکاتی دووبارەبوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە، لایەنی چەواشەکار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕووبەڕووی دادگاییکردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر هەر کەس و لایەنێک کە هەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە”.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لەکۆتایی مانگی ئاب، هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە.

 

 

Exit mobile version