بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤، هێزێکی حەشدی شەعبی، لە سنوری شارەدێی کوڵەجۆی سەربە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، دەستیان بەسەر پانتاییەکی بەرفرەوانی سنورەکە داگرت، کە کێڵگەیەکی گاز لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەڤەرەکە بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، ژمارەی هێزەکەی حەشدی شەعبی بە نزیکەی سێ هەزار چەکدار دادەندرێن، کە لە ڕێگەی ٢٠٠ هەمەر، ئۆتۆمبێل، شۆفڵ و ئامێری دیکەی سەربازییەوە، خەریکی دروستکردنی ساتیر و قایمکردنی سەنگەرەکانیانن.
هێزەکە بەتایبەت دەستیان بەسەر کێڵگەیەکی گازدا گرتووە، کە بە کێڵگەی قەمەر ناودەبردرێت. هێزەکانی پاسەوانی نەوت لەوێ بوون و لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دوورخراونەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی دا، ئەو سنورەی هێزەکەی حەشدی شەعبی بەزاندوویەتی، هەر ئێستا هێزەکانی میحوەری یەکی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کراوە، ناوچەکە دەکەوێتە ناوەوەی هێڵی ٣٦ و لە پێش ساڵانی ٢٠٠٣ و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە لەدەست پێشمەرگە ماوەتەوە و زۆرجاریش وەک خاڵی جیاکەرەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێناسە کراوە.
لیوای پێنجی پیادە، کە هێزێکی هاوبەش و پێکهێنراوی نێوان هەردوو یەکەی حەفتا و هەشتای سەربە پارتی و یەکێتییە، لە سنورەکەدا جێگیرکراون.
هاوکات سەرچاوەیەک لە هێزی پێشمەرگە بۆ زێدپرێس ئاماژەی دا، ئەوان لە ئامادەباشییدان و چاوەڕوانی فەرمانی سەرووی خۆیان دەکەن بۆ هەر وەڵامدانەوەیەک.
گوتیشی: “ئەو هێزە گەورەیەی هاتوون، ئاسایی نییە “.