Site icon Zed Press

پەیامێک لە بارزانییەوە

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت “پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤، لە سی و شەشەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی  هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

بارزانی، لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێ: “ئەو تاوانانە نابێ لەیاد بكرێن و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە”.

 

 

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سی و شەش ساڵ لەمەوبەر لە بیست و پێنجی ئابی ١٩٨٨ هەتا شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨ لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی عێراق لەدژی خەڵكی كوردستان، بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان، لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا كەوتنە بەر شاڵاوی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتییانی بێتاوان.

لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور بوون. ئامانجی ئەو تاوانەی ڕژێمی پێشووی عێراق شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش و درێژەپێدان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیی كوردستان بوو.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو تاوانە و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و بە توندیش پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. ئەو تاوانانە نابێ لەیاد بكرێن و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.

 

مەسعوود بارزانی

٢٥ی ئابی ٢٠٢٤

Exit mobile version