Site icon Zed Press

پێشەوا هەورامانی: بەغدا مووچەی بەدیل گرتووە

Zed Press news زێدپرێس هه‌واڵ ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە داهات نەوت لەدەست هەرێم نەماوە، حکوومەتی عێراق بەرپرس دەزانین لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەڵپی سیاسییە و بەغدا مووچەی بەدیل گرتووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان “پەڵپی سیاسی و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە”.

زیاتر گوتی: “هیچ پاساوێکی مەعقوولیان نییە بەدەستەوە نییە لە بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان”.

هەفتەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندێتییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە.

ئەنجوومەنی وەزیران، نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە “جیاکاری بەرانبەر هەرێمی کوردستان” پێناسە کرد، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق بەبیانووی هەبوونی سەرنج و تێبینی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ناردنی مووچەی دواخستووە، بەڵام هیچ کات هەبوونی سەرنج و تێبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە، نەبووەتە هۆکاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “بەغدا مووچەی بەدیل گرتووە”.

هەورامانی، دووپاتی کردەوە، کە سەرجەم پابەندێتییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێکراون، بەڵام پرسی مووچە لەلایەن بەغداوە بە سیاسی کراوە.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا، خەرج نەکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراق و بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە کە دەڵێ: “لە هیچ دۆخێکدا نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەدیل بگیرێت و دابەش نەکرێت”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠ ڕۆژە لیستی مووچەی مانی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەدەست وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ گەیەنراوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتەکە تەرخانکراوی دارایی بۆ مووچە دابین نەکردووە.

هەرچەند، هیچ بڕیار و ئاماژەیەکی کۆنکرێتی بۆ کاتی خەرجکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پێشەوا هەورامانی دەڵێ: “مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لە پەیوەندیدایە، لەم هەفتەیەشدا کۆمەڵێک دیاری گرنگ لە ئاستی باڵا ئەنجام دەدات”.

Exit mobile version