Site icon Zed Press

بەهۆی بۆردمانی سوپای تورکیاوە ئاگر لە پێنج گوند کەوتەوە

بەهۆی بۆردمانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، ئاگر لە پێنج گوند کەوتووەتەوە و دانیشتووانی گوندێکیش گیریان خواردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و بۆردمانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاگر گەیشتووەتە ناو گوندەکانی “مێرگا قەسرێ، گرێ سۆر، ئەلکیشکێ، جمبلکێ و بێلیزانێ”.

ئاماژەی دا: “ئاگرەکەی گوندی ئەلکیشکێ گەیشتووەتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جووتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکەشی گرتووەتەوە. بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکە، شەقامی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوە یاخود هاتنە دەرەوە لە ناو گوندەکە داخراوە”.

کامەران عوسمان باسی لەوەش کرد: “ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام ئێستا ١٩ خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن بۆ دەربازکردنیان”.

“ڕێژەی دارستان و پووش و پاوەنی سوتاو بەهۆی شەڕ و بۆردمانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، بە ٢،٤٠٠ دۆنم زەوی دەخەمڵێندرێت”، ئەندامەکەی تیمی هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوەکە وای گوت.

Exit mobile version