Site icon Zed Press

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: عێراق بۆ ئێمە دەوڵەتێکی داگیرکەر نییە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، ئێستا عێراق دەوڵەتێکی داگیرکەر نییە و دەبێت سەرنج لەسەر تورکیا چڕ بکرێتەوە کە داگیرکەری ڕاستەقینەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سالار مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ لە دهۆک و هەولێر، داگیرکەری کوردستان کە دەوڵەتێکی تورکیایە، تا ئاستێکی قووڵ هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە”.

ئەو لێدوانەی سالار مەحموود، لە میانەی سەردانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی کوڵەجۆ هات، کە دوو ڕۆژی ڕابردوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی سنوریان تێدا بەزاند و پاش چەند کاتژمێرێک مانەوە، ناوچەکەیان چۆڵ کرد.

لەوبارەیەشەوە، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند: “پیلانێکی نەگریس داڕێژرا بوو، بەڵام بە حیکمەتێکی باش پووچەڵ کرایەوە”.

ئەو، هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ دەڤەرەکە بە “هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسیارانە” پێناسە کرد.

سالار مەحموود ڕەخنەی لە ڕووماڵی میدیایی هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن گرت، کە “نابەرپرسانە” مامەڵەیان لەگەڵ پرسی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ دەڤەرە کردووە و “تای هەڵبژاردن وای لە هەندێک لایەنی سیاسی کردووە، کە لە ڕێگەی میدیاکەوە، بۆ ڕای گشتی وا وێنای بکات، ئەم بابەتە لەسەر نەوتە”. گوتیشی: “دەمانەوێ بەهێمنی زەمینەیەک بڕەخسێنین بۆ گەڕانەوەی خاکی دزراو و داگیرکراو”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە هاوکات بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی حزبەکەیە، ئاماژەی دا، پێویستە زیاتر سەرنج لەسەر داگیرکاریی تورکیا چڕ بکرێتەوە و هەنگاوەکانی لەڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە بوەستێنرێت.

سالار مەحموود گوتی: “دەوڵەتی عێراق ئێستا بۆ ئێمە دەوڵەتێکی داگیرکەر نییە، ململانێمان هەیە لەسەر خاک، لەسەر شایستەکانی پێشمەرگە، لەسەر مووچە و کۆمەڵێک پرسی دەستووریی کێشەمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەیە، بەڵام دەبێت دەوڵەتی عێراق بەکاربهێنین بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکارییەکانی بە هەقیقی دەکرێنە سەر سیادەی هەرێمی کوردستان و عێراق”.

Exit mobile version