سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ٥٤٩ ملیار دینارەی نێردراوە لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت نێردراوە، بۆ مووچەی مەدەنی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ مانگی هەشت، دوای لێبڕینی زیادە و جیاوازی لیستەکان و دوو مووچە، ئەوەی ماوە هێشتا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی سەربازی مانگی حەوت و هەشت نەدراوە.
ئاماژەی بەوەدا: “بۆ مانگی شەش مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینان و کەمئەندامان ٦٥٣ ملیار دینار هاتووە، بۆ مانگی هەشت بڕی ٥٤٩ ملیار دینار هاتووە. واتە بۆ هەر مانگێک نزیک بە ١٠٠ ملیار دینار لە مووچە کەمکراوەتەوە”.
هەروەها دەڵێ: “بابەتی تەوتین و نەوت و داهاتی نانەوتی گرفتێکی دیکەیە و بێچارەسەر ماوەتەوە”.
سۆران عومەر زیاتر دەڵێ: “تەوتین چارەسەرە بۆ کێشەی لیستەکانی مووچە کە حکوومەتی هەرێم ئامادە نییە ئەنجامی بدات، داهاتی نەوت و ناوخۆ ڕادەست ناکات، تاوەکوو بودجەی بەکارخستن و بودجەی وەبەرهێنانمان بۆ بێت. سەرەڕای ناوی دوو مووچە و دامەزراوانی تازە لە لیستەکاندا کە چارەسەری نەکردووە”.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەش کرد: “دەمێکە هاوار دەکەین کێشەی لیستەکانی مووچە جددییە و چاکی بکەن، هەموو مانگێک ئەم زیادکردنە نائاساییەی مووچە ڕاگرن، دوو موچە ببڕن، تێبینییەکانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا چاک بکەن”.