Site icon Zed Press

ڕۆشنبیران بۆ لایەنە سیاسییەکان: دەهۆڵی شەڕ و لێکترازان مەکوتن

ڕۆشنبیران و هونەرمەندان کەمپێنێک بۆ ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنن و داوا لە حزبە سیاسییەکان دەکەن، ئەو “دەنگە نەشازانە” ڕابگرن، کە دەهۆڵی شەڕ و لێکترازان دەکوتن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە یاداشتنامەیەکدا و بەناوی “کەمپێنی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بۆ ئاشتەوایی کوردستان” کە لەلایەن زیاتر لە ١٥٠ ڕۆشنبیری و هونەرمەند واژۆ کراوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، لە سۆنگەی ھەستکردنیان بەو مەترسییەی، کە ئێستا ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردی و كوردستان بووەتەوە، “ئەو لێکترازانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە خەریکە درزی گەورە دەخاتە جەستەی کۆمەڵگەی کوردییەوە و خەریکە ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، کە ڕەنگە ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەی بەدوادا بێت”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو ڕۆشنبیر و هونەرمەندانە، داوای ئاشتەوایی و دیالۆگ لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن: “بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی و كوردستان نەکەوێتە بەردەم مەترسی گەورە و ھەموومان پێکەوە ئەو ئەزموونەی کوردستان بپارێزین کە بەخوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی گەورە ھاتۆتە کایەوە”.

لەم ڕوانگەیەوە داوا لە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەكەن کە “ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە بێدەنگکردنی ئەو دەنگە نەشازانەی کە دەھۆڵی شەڕ و لێکترازان دەکوتن و جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ گوتاری کوردبوون و بەرژەوەندی نەتەوەیی بخەنە سەروو بەرژوەندییە کەسیی و حزبییەکان”.

زیاتر دەڵێن: “ئەم ئەزموونە میراتی خوێنی ھەزاران شەھید و سەدان ھەزار قوربانی ئەنفالکردن و جینۆساییدکردنە، کە تەنیا لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی بەکۆمەڵکوژراون یا زیندەبەچاڵ کراون، هەر بۆیە پاراستنی ئەم ئەزموونە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقی ھەمووانە و دەبێ ھەمووان پێکەوە بیپارێزین”.

زیاتر دەڵێن: “ڕەنگە ئەم کەمپینە هیچ نەگۆڕێت، بەڵام بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقی وامان لێدەکات، بێدەنگ نەبین و هەمیشە دەنگی ئاشتەوایی و پێکەوەیی بین، ئەگەر تەنها بە یەک وشەش بێت، لە کۆنەوەش گوتراوە، لە جیاتی نەفرەتکردنی تاریکی، با مۆمێک داگیرسێنە، هیچ نەبێت بەردەمی خۆت ڕوناک دەکاتەوە”.

Exit mobile version