لە دوو مانگی ڕابردوو، سەگی بێلانە، پەلاماری ١٣٣ کەسی لە شاری هەولێر داوە و بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، ٦٤ کەس بەهۆی پەلاماریی سەگی بێلانەوە و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە و لەماوەی مانگی ئابیشدا ٦٩ کەسی دیکە بەهۆی پەلاماریی سەگی بێلانەوە لە نەخۆشخانەکە تۆمار کراون.
پێشتر، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ڕایگەیاندووە، لە ماوەی مانگی تەمووزی ٢٠٢٤دا، بە هەمان شێوە ٦٩ کەس بەهۆی پەلاماریی سەگی بێلانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە.
بەرزیی حاڵەتەکانی پەلاماریی سەگی بێلانە بۆ سەر دانیشتووانی هەولێر لەکاتێکدایە، لەوەتەی ساڵی پێشترەوە، شەڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانە لە شارەکەدا کراوەتەوە، بەمەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە کوچە و کۆڵانەکاندا و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ژیان و گیانی هاووڵاتییان.