ئەمڕۆ سێشەم، لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا باس لەوە دەکات، ئەوان هەر لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە نیگەرانیان لە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەربڕیوە، ئەوکات “زانیاری”یان هەبووە، بەڵام “بەڵگە”یان بەدەستەوە نەبووە و ئێستایش بەڵگەیان دەستکەوتووە و “بە بەڵگەوە نیگەرانی و زانیارییەکانمان پشت ڕاست دەکەینەوە”.
لێژنەی باڵای پارتی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن، تۆمارێکی دەنگی هاوپێچی ڕاگەیەندراوەکە کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو تۆمارە دەنگییە، گفتوگۆیەکی نێوان بافڵ تاڵەبانی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە تیایدا باس لە ساختەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و دیاریکردنی کورسی پێشوەختە بۆ حزبەکە دەکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوێک لە لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
هاوڵاتیانی بەڕێز
دەنگدەرانی خۆشەویست
وەک دەزانن ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە چەندین شوێن لەبارەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن نیگەرانیمان دەربڕیوە، بێگومان نیگەرانییەکانمان بەرمەبنای زانیاری بوو، بەڵام ئەوکات بەڵگەمان لەبەردەست نەبوو، ئێستا بە بەڵگەوە نیگەرانی و زانیارییەکانمان پشت ڕاست دەکەینەوە، پشت ڕاستکردنەوەیەک، کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی بەڵگەیەکەوە ڕووی ڕاسەتەقینەی سەرکردایەتیی تازەی یەکێتی، تایبەت (بافڵ و قوباد) دەخەینەڕوو، کە چۆن لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی نێوانیاندا پیلانە شوومەکانیان دژ بە کوردستان، دیموکراسی، خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان باس دەکەن و، لە هەوڵی تەزوویر و دیزاین کردنێکی ساختەن بۆ خۆیان و، بەوپەڕیی بێ شەرمییەوە بێ ڕێزیی بە شەهیدە نەمرەکان، بنەماڵە سەربەرزەکانیان، پێشمەرگە قارەمانەکان و دەنگدەرانی ئازیز دەکەن، تا بشێن بە پیلان و تەزوویر پرۆسەیەکی دیموکراسیی وەک هەڵبژاردن بەلاڕێدا ببەن و ناشیرینی بکەن.
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
ئەمڕۆ لە خستنەڕووی ئەم بەڵگەیەدا، ڕوو لە دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق، هاووڵاتیانی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکان، تێکۆشەران، چاودێران، ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین و ئەم ڕاستییەیان دەخەینە بەردەست، ڕاستییەک کە ڕووی ڕاستەقینەی (بافڵ و قوباد) بۆ هەمووان ئاشکرا دەکات، بەڵێ ئەمەیە هەقیقەتی (بافڵ و قوباد)، ئەو دوو تازە هەڵتۆقیوەی دونیای سیاسەت، کە ڕۆژێک بۆ کوردایەتی زەحمەتیان نەکێشاوە و، هەرچی تێکۆشەری نێو حزبەکەیانە، یا سووکایەتییان پێکردوون، یا بێزار و تەریک و پەراوێز و دەریان کردوون، تا لە ڕێی ئەم جۆرە پیلان و سەفقە دوژمنکارانەیان دژ بە هەرێمی کوردستان کار بکەن و ناوبانگی دیموکراسیی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ناشیرین بکەن.