عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “لەلایەن یەکێتییەوە مامۆستا عەزیز کاندیدی هەڵوێست لە پێنجوێن ڕفێندراوە. لەژێر هەڕەشەدا ڤیدیۆی پێ تۆمار کراوە و یەکێتی بەرپرسە لەم تاوانە”.
ئەو لێدوانە، دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ هەینی، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، عەزیز بلکیانی کاندیدی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە کورتە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت. ڤیدیۆکە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا گیراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە؛ ناوبراو چەند چرکەیەک قسە دەکات کە تیایدا وازهێنانی لە ڕەوتی هەڵوێست ڕادەگەیەنێت و دەڵێ پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە.
هاوکات، کەمێک لەمەوبەر، هەناسە عەزیز بلکیانی، کچی کاندیدی ناوبراو لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “باوکم لەژێر هەڕەشەدایە و بەزۆرەملێ لەژێر هەڕەشەی چەکدا ئەو ڤیدیۆیەی پێکراوە و بە کوشتنی یەک بە یەکمان هەڕەشەی لێ دەکەن”.