بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، بازرگانێکی بیانییان دەستگیر کردووە کە ١١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە وڵاتی غینیاوە بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ یەکشەم، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و کۆکردنەوەی زانیاری دروست، لەئەنجامی پرۆسەیەکی بەدواداچوونی چەند هەفتەیی، تیمی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەناو شاری هەولێر توانیان بڕی (١١) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری (کۆکایین) دەست بەسەردا بگرن کە لەوڵاتی غینیاوە بۆ هەرێمی کوردستان هێنرابوو، لەم چالاکییەدا بازرگانێکی بیانی دەستگیرا کرا کە چەند ساڵە لەم جۆرە بازرگانییە گڵاوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێ، تۆمەتبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرەئەقلییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.