ماڵپەڕی فەرمی پارتی لە زاری كامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك ڕایگەیاند، لە ڕێگای وەزارەتی پەروەردەوە داوایان لە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كردووە، زەوی نیشتەجێبوون بە مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بدرێت، کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە هەموو ماف و ئیمتیازاتێك بێبەش بوون، د. ئالان وەزیری پەروەردە، داواكەیانی بۆ سەرۆكوەزیران بەرز كردووەتەوە.
ناوبراو گوتیشی، مەسروور بارزانی، فەرمانی كردووە دەبێت مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە كەركووك، لە هەولێر زەوی وەربگرن. لەو چوارچێوەیەشدا پێنج هەزار و ٨٤١ فۆڕمیان گەیاندووەتە وەزارەتی پەروەردە و ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كراون.
عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كردووە و لەلایەن د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە لە سنووری پارێزگای هەولێر شوێنێكی باش بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە کەرکووک دیاری كراوە.
زیاتر دەڵێ، د. ئومێد سەباح پێی ڕاگەیاندوون، هیچ مامەڵەیەكی تر ڕایی ناكەن تاوەكوو زەویی فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە كەركووك جێبەجێ نەكەن.

