وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ڕانیە تۆمار کراوە. تووشبووەکە پیاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵ و دانیشتووی شارەدێی بۆسکین سەربە قەزای ڕانیەیە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی، پیاوەکە ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو هەبووە.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێ: “دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، ئێستا لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تایخوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو، تەنها چوار حاڵەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراونەتەوە و لەو نێوەندەشدا حاڵەتێکیان لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون.

