بەرپرسانی ئێران ڕایدەگەیەنن، پێش ئەوەی بۆردمانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکرێت، یۆرانیۆمی پیتێنراو لە وێستگەکانەوە بۆ شوێنی پارێزراو گواستراونەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆردمانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی “فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان”ی لە ئێران ڕاگەیاند.
دوابەدوای بۆردمانەکە، بەرپرسانی باڵای ئێران جەختیان لەوە کردەوە، کە زیانێکی وا گەورە بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەگەیشتووە و پێشتریش یۆرانیۆمی پیتێنراو لە وێستگەکانەوە بۆ شوێنی نهێنی و پارێزراو گواستراونەتەوە.
هاوکات ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لەڕێگەی چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانەوە ڕایگەیاند، دوو ڕۆژ پێش لێدانی وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، جوڵەی نائاسایی ژمارەیەک بارهەڵگر هەبووە.
ئەوەش گومانی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە وێستگەکانەوە بۆ شوێنی دیکە، پشتڕاست دەکاتەوە.

