Site icon Zed Press

بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم بەتوندی وەڵامی موسەننا ئەمین دەداتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکەدا لەبارەی لێدوانێکی موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق، دەڵێ، ناوبراو بۆ کاری تایبەت و خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی کردووە.

 

مریەم عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی لێدوانێکی موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ: “ئەمڕۆ پەرلەمانتاری یەکگرتوو موسەننا ئەمین بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئێمەی کردووە و کاتێک هاتووەتە ژورەوە یەکەم قسەی ئەوە بووە بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێی نەکردووە”.

 

ڕوونکردنەوەکەی مریەم عوسمان، دوای ئەوە دێت، کە هەر ئەمڕۆ یەکشەم، موسەننا ئەمین لە ڕێگەی تۆمارێکی ڤیدیۆییەوە و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی کردووە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە بێڕێزی بەرانبەر کراوە.

 

موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو وەک پەرلەمانتاری عێراق پلەی وەزیری هەیە و پێویست بووە بەڕێوەبەری گشتی لەبەردەم دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکەی پێشوازی لێ بکات، بەڵام نەک ئەوە، بەڵکوو ١٥ خوولەک چاوەڕوانی کردووە و پاش ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پەیوەندییان پێوە کردووە، ئینجا مریەم عوسمان بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی بانگی کردووە بۆ نووسینگەکەی.

 

مریەم عوسمان لە ڕوونکردنەوەکەیدا و لە وەڵامی موسەننا ئەمیندا دەڵێ: “من کەسێکی ئیشکەر و خزمەتگوزارم و ئەو کاتەی بۆ پێشوازی و ڕەسمگرتن و خۆنواندنی بەڕێزت دەیکوژم، دە پانزە فایلی خەڵکی هەژار و خانەنشینی پێ تەواو دەکەم”.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: “تۆ پەرلەمانتاری عێراقیت و  تەنانەت بۆ بەدواداچوون بۆت نییە بێیتە لای ئێمە و ئێمە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان مەسئولین و دەرگامان کراوەیە، ئەویش بە ڕێوشوێنی پەرلەمانی، کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردووە، وەکوو دیکەش جەنابت و هەر کەسێکی دیکە لای ئێمە وەک یەکن، واستە و مەحسوبییەت لەلامان ناخوات”.

 

بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ کاری تایبەت و خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کردووە، نەک بۆ مەبەستی بەدواداچوون و لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ: “کاری خێزانی و شەخسی خۆتان بە کوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن”.

 

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا مریەم عوسمان بە توندی ڕەخنە لە موسەننا ئەمین دەگرێت و پێی دەڵێ: “لە دیدی ئێمەوە وەرگێڕ (موتەرجم)ی ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانییان بێمووچە کردووە، ژنێکی بەتەمەنی خانەنشین و مامە حاجییەک لە خزمەت و بەدەمەوەچوونی ئێمە ڕازی بن، کە بەسەرچاو خزمەتیان دەکەین، بۆمان گرنگ نییە وەرگێڕێکی مووچەبڕان چۆن قسەمان لەسەر دەکات”.

 

Exit mobile version