Site icon Zed Press

ئەمریکا: لە کشانەوەی کارمەندەکانمان لە عێراق بەردەوامین

باڵیۆزخانەی گشتی ئەمریکا لەبەغدا هۆشداری بە هاووڵاتییانی ئەمریکایی دەدات بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن و دەشڵێ لە کشانەوەی کارمەندە لاوەکییەکان لە عێراق بەردەوامن.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، هەردوو باڵیۆزخانەی گشتی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، هاووڵاتییانی ئەمریکاییان لە هەڵکشانی مەترسییەکان ئاگەدار کردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە هەردوو باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکە بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، بە ڕەچاوکردنی هەستیاری دۆخەکە، لە ١٢ی حوزەیرانەوە، پڕۆسەی کشاندنەوەی کارمەندە لاوەکییەکانیان دەستپێکردووە و لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی حوزەیرانیشدا کارمەندە لاوەکییەکانیان بەردەوام بوون لە جێهێشتنی عێراق.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ئەگەری هەڵکشانی توندوتیژی یان هێرشکردنە سەر ئەو شوێن و ناوەندانە کراوە کە هاووڵاتییانی ئەمریکایی بەزۆری سەردانیان دەکەن. لەو ڕوانگەیەشەوە باڵیۆزخانەی گشتی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانە گشتییەکەی لە هەولێر، داوا لە تەواوی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق دەکەن خۆیان لەو شوێنانە بەدوور بگرن کە بیانییەکان زۆر سەردانیان دەکەن و لە هەمانکاتدا خۆیان بەدوور بگرن لە هەر قەرەباڵغی و کۆبوونەوەیەکی گەورە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرچاوڕوونی بە هاووڵاتییانی ئەمریکایی دراوە، کە دەتوانن بە ڕێگەی وشکانی و لە دەروازە سنوورییەکانی تورکیا و کوێتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوامی بە هۆشداری ئاستی چوارەم دەدات “گەشت بۆ عێراق مەکە” دەدات و دەڵێ: “هاووڵاتییانی ئەمریکایی نابێت بە هیچ هۆکارێک گەشت بکەن بۆ عێراق”.

Exit mobile version