بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەم ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، هەریەک لە د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، د. مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق کۆبوونەوە.
جگە لە هەڵوەستەکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکان بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق کراوە و لەو چوارچێوەیەشدا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بووە.
ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە تەرخانکراوی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکایەتییەکان داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی بەپێی یاسا بەرکارەکان بتوانێت پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

