ئەمڕۆ چوارشەم 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، ئاماژەی بەوە دا کە “هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەسپێشخەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەیداوە کە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، “بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی”.
وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتەکەدا، “بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/20 خستەڕوو”.
زیاتر هاتووە، کە “لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابووری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینیان بۆ کراوە”.
“لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، چەند پێشنیازێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاڕاستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکوومەتی هەرێمە.”
ڕاگەیەندراوی حکوومەت دەڵێ: پاشان مەسرور بارزانی بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجوومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتییان هەیە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە”، بەڵام وەک دەڵێ: “دڵنیاییشیدا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیشە”.
سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە “بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بڕیارە شاندێکی حکوومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات”.
“لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە”.
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە “هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران بە دووری بگرێت لە هەر ناکۆکییەکی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە”.
سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابوورییش، “ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بە جۆرێک، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتییە لە هەرێم”.
هەروەها جەخت لە “گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن”.

