درەنگانی شەو، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو، یەکێکیان لە تاسلۆجە و ئەویتر لە نزیک بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی حەفتا لە دەروازەی سلێمانی کەوتە خوارەوە. سەرچاوەیەکی فەرماندەییەکە ڕایگەیاند، درۆنەکانیان تێکشکاندووە و زیانیان نەبووە.
دوابەدوای ڕووداوەکە، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەیدا “ئیدانەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەین کە ئەمڕۆ لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بارەگای هێزەکانی حەفتایان لە ناوچەی تاسلوجە لە پارێزگای سلێمانی بە ئامانجگیرا”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئامانج لەم کردەوانە پێشێلکردنی سەوەری خاک و ئاسمانی عێراق و کوردستانە، هەروەها ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەخاتە بەر مەترسی”.
فراکسیۆنی یەکێتی، دەشڵێ: “دوێنێ پارێزگای کەرکووک بە ئامانجگیرا و ئەمڕۆ سلێمانی، ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکەین، داوا لە سەرۆک وزیرانی عێراق دەکەین بەپەلە لێژنەیەکی بە دواداچوون دروست بکات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و دیاریکردنی سەرچاوەی سەرەکی هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان”.

