Site icon Zed Press

گەنمی ماوەی جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت

گەنمی ماوەی جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە وەدەگیرێت، بەڵام بە نرخێکی کەمتر لە نرخی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە، لەسەر کۆنووسی پێشنیازکراوی لێژنەی باڵای تایبەت بە ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

 

پاڵپشت بە ناوەڕۆکی کۆنووسەکە، ئەو بڕە گەنمەی لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە و لە چوارچێوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان وەرنەگیراوە، لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت “خۆشناو و قەیران” وەردەگیرێت، بەو مەرجەی کە گەنمەکە ئەو تایبەتمەندییەی هەبێت کە عێراق دەستنیشانی کردووە.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کردووە، هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک بە نرخی ٥٥٠ هەزار دینار و هەر تۆنێک گەنمی پلە دوو بە نرخی ٥٢٥ هەزار دینار وەردەگیرێت.

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویسته جووتیار پشتگیری بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراوی لە سایلۆکان پێبێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار کرابێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە ماوەی (یەک مانگ)دا دەبێت کە لە ١٥ی تەمووزەوە دەست پێدەکات و شایستە داراییەکانی جووتیارانیش لە ماوەی (دوو مانگ) لە دوای ڕێککەوتی وەرگرتنی گەنمەکەوە دەدرێت.

 

Exit mobile version