لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای گشتی بودجەی فیدڕاڵی، و هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دوو ڕەشنوووسی کرد، کە یەکەمیان لەلایەن دەسەڵاتە فیدڕاڵییە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکراوە و دووەمیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، سەبارەت بە پرسی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران و تەوتینکردنی.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەمەشدا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا؛ لە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری پلاندانان، ئەندامێتی وەزیرەکانی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، دادوەری، و تەندروستی، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوو ڕەشنووسەکە، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم، بە مەرجێک لیژنەکە ڕاسپاردەکانی خۆی بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، بەجۆرێک کە لە زووترین کاتدا بڕیاری گونجاو بدات.

