Site icon Zed Press

ئەمریکا: هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوت قبوڵکراو نیە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشە دۆرنیەکانی سەرتاسەری عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا، هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەکانی خورمەلە و سەرسەنگ لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ: ئەم هێرشانە قبوڵکراونین.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی ١٤ و ١٥ مانگی تەممووزیشەوە  بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتییەکانی خۆرمەڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.”

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “پێویستە حکوومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتووی عێراقدا کردووە”.

 

زیاتر دەڵێ: “ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنجڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی. ھانی حکوومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە”.

Exit mobile version