بە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کرایە سەر هەریەک لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخابوور لە سنووری زاخۆ و کێڵگەی عەین سفنی لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک.
دژەتیرۆری كوردستان. لەبارەی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، بەیانیی ڕۆژی چوارشەم 16ی تەممووزی 2025، لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15 خوولەک، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
هەروەها لە کاتژمێر 7:00 لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
هەمان ڕۆژ، لە كاتژمێر 7:14 خوولەکدا و لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی عەین سفنی لەسنووری باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، کە کۆمپانیای هاند ئۆیلی ئەمریكی بەڕێوەی دەبات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکە، هیچ زیانێكی گیانی و ماددیی لێ نەكەوتووەتەوە.

