سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان، جگە لە پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەم، ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو تەوەر؛ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتەکەی کوت لە پارێزگای واست کە بەهۆیەوە نزیکەی ٧٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەروەها تاوتوێکردنی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
هیچ کام لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق نەکرد، جگە لە سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق.
پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان درێژەی بە دانیشتنەکەی دا، بەڵام تەنیا هەڵوەستە لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت کرا و باس لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکرا.

