زیاتر لە ١٠ ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتوچۆی بەغدا دزراوە و دادگەی تاوانەکانی ڕەسافەیش کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەتۆمەتی گەندەڵییەکە، بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی سزا دا.
ئەمڕۆ سێشەم، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای کرد، لەلایەن دادگەی تاوانەکانی ڕەسافەوە، سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتوچۆی بەغدا سەپێندراوە، بەتۆمەتی گەندەڵییەک بە بڕی ١٠ ملیار و ٤٤٦ ملیۆن و ٤٤٢ هەزار دیناری عێراقی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، لە خانوویەکی چۆڵکراوی بەغدادا، تیمەکانی لێکۆڵینەوە، بڕی سێ ملیار و ٣٩٠ ملیۆن دیناری عێراقی و هاوکات بڕی پێنج کیلۆ زێڕیان دۆزیوەتەوە، کە بەسەر تاوانبارە سزادراوەکەدا ساخ بووەتەوە.
دەستەی دەستپاکی، ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە، بەتایبەت کە هێشتا زیاتر لە شەش ملیار دینار بزرە.

