Site icon Zed Press

ئەمریکا بۆ سوودانی: بەردەوامی بە خەرجکردنی مووچە بدرێ و نەوت هەناردە بکرێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و پێداگیری کردووە کە بەردەوامی بە خەرجکرنی مووچە بدرێت و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفونی لە نێوان مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا کرد.

 

پەیوەندییە تەلەفونییەکە، دوێنێ سێشەم، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە. ڕۆبیۆ پەیوەندی بە سوودانییەوە کردووە و دەربارەی هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، لە ناویشیاندا ئەوانەی لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە خراونەتە کار و جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە کرد لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە لەوانەی ئەم کارانەیان ئەنجامداوە و ڕێگرتن لە ئەنجامدانی ھێرش لە داھاتوودا.

 

ڕۆبیۆ، پێداگیری کرد لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نێوان عێراق و تورکیا.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی گەورەی ئەمریکای دەربڕی بەرانبەر یاسای حەشدی شەعبی کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و دووپاتی کردەوە کە دەرکردنی یاسای لەم جۆرە دەبێتە بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵاتی ئێران و گرووپە تێرۆریستە چەکدارەکان و لاوازکردنی سەروەریی عێراق.

Exit mobile version