وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژە بەوە کرد، “لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەنگاونانی باشتر و لەپێناو تەواوکردنی زۆرترین یەکەی نیشتەجێبون بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە تەواوبوون، ئاشکراکردنی ناوی خێزانە سوودمەندبووەکان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبون، بۆ ماوەیەکی کورتخایەن دوادەخرێت”.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە ڕاگەیەندراوەکەدا، دەڵێ: “هاونیشتمانیان دڵنیا دەکەینەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی زۆرترین یەکەی نیشتەجێبوون ئەوانەی کارکردن تێدا بەردەوامە، کارەکانیان تەواوبکرێت و زۆرترین خێزان سوودمەندبن، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆسەی دابەشکردنی یەکەکان کە لەچوارچێوەی یاسای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دروستکراون، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەنجامدەدرێت”.
ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارەکانی دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشین و کەمدەرامەتان تەواوکراون و ڕۆژی ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە فەرمی دەست بە دابەشکردنی یەکەکان دەکەن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ژمارەی یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستاندا و ئەوکاتیش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەدا بوو، کە بەشێک لە یەکەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و بەشێکیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە. ئەوکات، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڕیاریدا کە سەرجەم یەکەکان دابەش بکرێن، بەوانەی تاوەکوو ئێستایش تەواو نەکراون، “بۆ ئەوەی خێزانی سوودمەندبوو دڵنیابێت لەوەی یەکەیەک کراوە بەناویەوە و هەرکات تەواوکرا تێیدا نیشتەجێ دەبێت”.
ئەو نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، بە قستی درێژخایەن و بەبێ پێشەکی بەسەر کرێنشین و کەمدەرامەتان دابەش دەکرێن. کەسی سوودمەند، بە قیستی مانگانە و لەماوەی ٢٥ ساڵدا، پارەی یەکەکە دەداتەوە.
لە ڕابردوودا زیاتر لە ٢٥ هەزار خێزان فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونیان بەشێوەی ئۆنلاین پڕکردبووەوە، دواتر پڕۆسەی وردبینی و جیاکردنەوەی ناوەکان بەخاڵبەندی و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند و بەئامادەبونی نوێنەری کرێنشینان ئەنجامدرا و سوودمەندان دیاریکران.

