Site icon Zed Press

سەرۆکایەتیی کۆمار: چوار ملیار لە چاپکردنی یاداشتەکانی د. لەتیف ڕەشید خەرج نەکراوە

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە کە گواتە چوار ملیار دینار لە چاپکردنی یاداشتەکانی سەرۆککۆمار خەرجکراوە و دەڵێ، تێچووەکەی تەنیا ٣٩ ملیۆن دینار بووە.

 

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەزگایەکی میدیایی ناوخۆیی، هەواڵێکی ناڕاستی لەبارەی کتێبی “بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتیی” بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تێچووی چاپکردنی ئەو کتێبەکە، چوار ملیار دیناری تێپەڕاندووە.

 

ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکایەتیی کۆمار، تێچووی چاپکردنی کتێبەکە کە بە ناڕاست خراوەتەڕوو ڕەتدەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە، تێچووی چاپکردن لە چوارچێوەی ئەو تێچووە پەسەندکراوانەی کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار- بەشی گشتیی کاروباری ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە، کە کتێبەکەی چاپکردووە، بڕی ٣٩ ملیۆن و ٣٧٥ هەزار دیناری تێچووە، کە بە پسووڵەی فەرمی بەبەڵگە کراوە.

 

دەشڵێت، “ئەو پڕوپاگەندانەی کە لەلایەن بەشێک لە میدیای کوردیی سەر بە سیاسییە شکستخواردووەکانەوە دەکرێن و مەبەست لێی ناوزڕاندن و ساختەکارییە، ڕەتدەکەینەوە و پێمانوایە ئامانج لێیان چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان و بەکارهێنانی سەرچاوەکانە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی”.

 

سەرۆکایەتیی کۆمار زیاتر دەڵێ: “ئەو زانیارییانەی کە بڵاودەکرێنەوە، پابەندبوونیان بە ڕێکار و پڕەنسیپی میدیای پیشەیی نییە، چونکە لەسەر بنەمای متمانەپێکردن لە گەیاندنی ڕاستییەکاندا نییە. لەم بارەیەوە سەرۆکایەتیی کۆمار پابەندبوونی خۆی بە مافی یاسایی خۆی دووپاتدەکاتەوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەو لایەنانەی کە مەرامیان تێکدانی شکۆمەندیی دەوڵەت و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە فەرمییەکان”.

Exit mobile version