بەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا، گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق. ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەکە و کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەکاتی کۆبوونەوەکەدا، گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییکە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکەشەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێزەکانی ناوخۆ کراوە و ئەوانیش بە هانایانەوە چوون. بەڵام، گرووپە چەکدارەکە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێزەکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بوونەتەوە، دەستڕێژی گوللەیان لێ کردوون و ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی هێزەکانی ناوخۆیان بریندار کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕووداوەکە بە “مەترسیدار” لەقەڵەم دەدات و دەڵێ، پێنج لە ئەندامانی گرووپە چەکدارەکەیان دەستگیر کردووە و ئێستایش “ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕەکان لە ناوچەکە بەردەوامە، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەرماندە باڵاکان، بۆ دەستگیرکردنی بۆ ئەو تاوانبارانەی کە ماونەتەوە و دادگاییکردنیان”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، دووپاتی کردووەتەوە، لە هیچ لایەنێکی قبوڵ ناکەن کە هەوڵی خۆسەپاندن بدات لە ڕێگەی هێز یان هەڕەشە لە دامودەزگەکانی دەوڵەت.
زیاتر هاتووە: “وەزارەتی ناوخۆ قبوڵی هیچ پێشێلکارییەکی سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت یان هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەری یاسا ناکات. شکۆمەندی دەوڵەت و سەروەری یاسا هێڵێکی سووری دەست لێنەدراون”.

