محەمەد عەبدوڵڵا پارێزەری شێروان شێروانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هۆشداری دا لە “جارێکی تر زوڵم و ستەم و دادگاییکردنی ناڕەوا بەرانبەر بە بریکاردارم، ڕۆژنامەنووسی بەناڕەوا سزادراو، شێروان شێروانی”.
پارێزەرەکە، نووسیویەتی: “ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بنەسڵاوە پێی ڕاگەیاندم کە دۆسیەکەی شێروان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند کراوە بۆ سزادان و یەکلاییکردنەوە”.
ئەوە لەکاتێکدا دێت، کە وەک پارێزەرەکەی ڕوونیکردووەتەوە، ئێستا، شێروان شێروانی، لە چاکسازی گەورانی هەولێر، ماوەی حوکمەکەی تەواو دەکات، لەسەر ئەو دوایین دۆسیەیەی کە لەسەری سزادرا بوو، بەگوێرەی حوکمی دادگا، دەبوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئازاد بکرێت.
پارێزەر محەمەد عەبدوڵا، باس لەوە دەکات کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، دۆسیەکەی شێروان شێروانی، شاردراوەتەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسا مافی خۆمە ئاگاداری ورد و درشتی دۆسیەکە بم، بەڵام بەداخەوە ڕێگربوون”.
زیاتر دەڵێ: “پارتی دۆسیە دوای دۆسیە بۆ ڕۆژنامەنووس (شێروانی شێروانی) دروست دەکات و ناهێڵێت ئازاد بکرێت، یان سازش لە هەڵوێست و مەبدەئەکانی دەکات یان تا ئەم دەسەڵاتە مابێت ناهێڵێت شێروان شێروانی ئازاد بکرێت”.
پارێزەرەکە، هەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا، ئاشکرایشی کردووە، کە لە دوایین سەردانی بۆ لای شێروان شێروانی لە چاکسازی گەورانی هەولێر، شێروان پێی گوتووە: “چەند کەسێک لە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکان” بەتایبەت بۆ لای شێروان شێروانی چوونە و “دوای چەند پرسیارێک و گفتوگۆیەک، پێیان ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر ئەو وەکوو ئەوەی ئەوان دەیانەوێ بیکات، ئەم دۆسیانە هیچ نین، ئازاد دەکرێت و تەنانەت قەرەبووی ئەو پێنج ساڵەیشی بۆ دەکەنەوە”.
ئەوەش بەگوتەی پارێزەرەکە: “زیاتر ئەو پێداگیرییەی ئێمە دەچەسپێنێت کە هەموو ئەو دۆسیانەی سەر شێروان شێروانی، بێبنەما و نایاسایی و دروستکراون”.
پێش پێنج ساڵ، شێروان شێروانی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی، لە بادینان دەستگیر کران و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر کرا. دادگەی لێکۆڵینەوە، بە چەندین تۆمەتی جیاجیا، تاوانباری کردن و هەریەک بە جیا، سزا دران. دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانە، بە “دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان” ناسێندرا و لەکاتی دەستگیرکردن و دوای یەکەمین بڕیارەکانی دادگە لە دژیان، چەندین لە کونسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان و ئاژانسە نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوی تایبەتەوە، بەتوندی ڕەخنەیان لە سزادانی دەستگیرکراوەکان کرد.

