بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر 9:30ی خوولەکی ئەمڕۆ چوارشەم 30ی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دووگردکانی قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە درۆنەکە نەتەقیوەتەوە.
ڕۆژی ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥، دوو درۆنی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی شاندێکی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ هەولێر و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو هێرشە درۆنییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەئامانج دەگرن.

