بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کارەبای زیاتر لە ١٠٠ گەڕەكی دیكەی ناوشاری سلێمانی دەبێت بە ٢٤ كاتژمێری كە هەموو گەڕەكەكانیش دەكەونە دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود.
لە ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانیدا هاتووە، دوای تەواوبوونی ئامادەكارییە تەكنیكییەكان و بەپێی پلانی كاركردنی پڕۆژەی ڕووناكی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ئەندازیار ئەنوەر حەمە بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی و ئەندازیار ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كاروبای هەرێم و ئەندازیار غالب محەمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی، كارەبای بەردەوام بە گەڕەكەکان دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، بە سەرجەم ئەو گەڕەکانە، زیاتر لە ١١٧ هەزار هاوبەشی كارەبا لەخۆدەگرن و دەكەونە سەر ١٢٥ فیدەری كارەبا و بە گشتی لە پارێزگای سلێمانی هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناكی دەبن بە ٢٥٧ هەزار هاوبەشی كارەبا.

