مەحموود محەمەد شەریف، یەکێک لە ئەندامانی تیمی سکاڵاکار لە دژی عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاج تکریتی، لە ڕوونکردنەوەیەکەدا بۆ ڕای گشتی، کە وێنەیەکی بۆ زێدپرێس ڕەوانەکراوە، ئاماژەیدا، لەپاش دڵنیابوونەوە لە ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی یەکێک لە تاوانبارەکانی ئەنفال و جەلادەکانی قەڵای نوگرەسەلمان، بەناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی)، لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٥، لەسەر سکاڵای تیمێک لە ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و بە بڕیاری دادگەی بەرایی سەماوە، لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا، عەجاج تکریتی دەستگیر کراوە.
تیمەکە، لە پێنج ڕزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال پێکهاتوون، بەڵام دادگەی بەرایی سەماوە، تەنیا سکاڵای سێ لە ئەندامانی تیمەکەی وەرگرتووە، کە ڕزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال و زیندانیکراوی نوگرەسەلمان بوون. ئەو سێ سکاڵاکارەیش بەناوەکانی فەزیڵە محەمەد، دانیشتووی شارۆچکەی کەلار، هەریەک لە ڕزگار و عەلی، کە دوو ڕزگاربووی دیکەی شاڵاوەکانی ئەنفال و نوگرەسەلمان بوون، بەڵام دووانی دیکە لە ئەندامانی تیمەکە بەناوەکانی مەحموود محەمەد شەریف ناسراو بە (خولە غەدە) و عەلی حەمەدئەمین حەمەحوسێن ناسراو بە (عەلی دەروێش) بەهۆی ئەوەی زیندانیکراوی ناو قەڵای نوگرەسەلمان نەبوون، لەلایەن دادگەی بەرایی سەماوە، سکاڵاکانیان وەرنەگیراوە.
ئەندامەکەی تیمە سکاڵاکارەکە، دەشڵێ، لە پاش تۆمارکردنی سکاڵا، بە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر، تاوانبارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەتسگیر کرا، پاش لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی، نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق، بە فەرمی دەستگیرکردنی ناوبراوی راگەیاند.
بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی، مەحموود محەمەد شەریف، تیمەکە لە سەرەتایشەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق، سەردانی دادگەی بەرایی سەماوەیان کردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی عەجاج تکریتی.
ئەندامی تیمەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت لە ڕێگەی پارێزەرەوە یان لە نزیکترین دادگا، وەک دادگەی خانەقین سکاڵای خۆی لەسەر تاوانباری دەستگیرکراو تۆمار بکات و لەوێوە سکاڵاکە ڕەوانەی دادگەی سەماوە دەکرێت.

