د. بڕیار ڕەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە، کە نیەتێک هەیە بۆ ئەوەی هەندێک یاسا بخرێنە ناو دانیشتنەکەی پەرلەمانەوە، کە مەترسییان لەسەر ئاییندەی کوردستان و عێراق دروست دەکرد، لەبەرئەوە نەچوونەتە هۆڵی کۆبوونەوەکەوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەی و هەژمارە فەرمییەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لیستێکی بەناوی ١٦٤ پەرلەمانتار بڵاوکردەوە، کە ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان نەبوون و بە نەهاتوو “غیاب” تۆمارکراون و هەریەکەیشیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
بەڵام، پاش کاتژمێرێک، پەرلەمانی عێراق لیستی ناوی نەهاتووەکانی لە ماڵپەڕ و هەژمارە فەرمییەکەی خۆی سڕیەوە.
لیستی ناوەکان
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەڕێگەی پێشخستنی چەند یاسایەکەوە هەستیان پێکردووە، ئامادە نەبوون بچنە هۆڵی کۆبوونەوە و بەوەش ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نەبووە و دانیشتنەکەی پەرلەمانیان پەکخستووە.
لەلایەکی دیکە، د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێنەی سەردانەکانی خۆی بۆ لای فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەناو پەرلەمانی عێراق بڵاوکردنەوە و ڕایگەیاند، “لەپێناو کۆدەنگی لەسەر ئەو یاسایانەی کە دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت و دەرچوواندنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی گەلەکەمانە، سەردانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانمان کرد”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هیچ زانیارییەکی دیاریکراوی سەبارەت بەو یاسایانە نەدرکاند، کە بەگوتەی خۆی “دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت”.

