دەستەی دەستپاکی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەیدا، دوو چالاکی دەستگیرکردن لەلایەن تیمەکانی دەستپاکی لە پارێزگای نەجەف ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا سێ تۆمەتبار لە دەستەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە و دوو تۆمەتباریش لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کوفە دەستگیر کراون.
دەستەکە ئاشکرای کرد، تیمێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی نەجەف توانیویانە سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن بەهۆی دەستکاریکردنی پێشینەی کۆتایی کە بۆ پڕۆژەی ئاوی میشخاب خەرجکراوە، کە لەلایەن دەستەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەوە دراوە بە کۆمپانیایەک.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، بڕی یەک ملیار و ٢٧ ملیۆن دینار بە کرداریی بۆ پڕۆژەکە خەرجکراوە، بەڵام لە ڕێگەی دەستکاریکردنی وەسڵ و نووسراوەکانەوە، بڕەکەیان بە سێ ملیار و ٢٧ ملیۆن دینار گۆڕیوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا، بڕی دوو ملیار دینار بە شێوەیەکی نایاسایی خەرجکراوە.
دەستەکە دەڵێ، لە چالاکییەکی دیکەدا، تیمێکی هەمان فەرمانگە توانیان دوو کارمەندی بەڕێوبەرایەتی شارەوانی کوفە دەستگیر بکەن. ئەمەش دوابەدوای گەندەڵیکردن لە کرێی کوشتارگەی کوفە بۆ ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و دەرنەکردنی پسوولەی تایبەت بە کرێی سەربڕینی بەشێک لەو ئاژەڵانەی لە کوشتارگەکەدا سەربڕدراون و هەروەها هەبوونی نایەکسانی لە زانیارییەکانی نێوان تۆمارەکانی کوشتارگەکە و تۆمارەکانی بەشی ڤێتێرنەری سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی کە بۆ سەربڕین بردراونەتە ناو کوشتارگەکەوە.

