Site icon Zed Press

هۆشیار سیوەیلی: یەکێک لە کێشەکانی کارەبا لە عێراق هەرزانی نرخەکەیەتی

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووتری کارەبا لە حکوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، حکوومەتی عێراق دەتوانێت سوود لە ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.

 

هۆشیار سیوەیلی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، وەزارەتی کارەبای عێراق لە بواری بەرھەمهێنانی کارەبا بەڕێگەی کەرتی تایبەت، سوودی لە ئەزموونی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان وەرگرت و “دەشێت ئێستایش لە بواری دابەشکردن و ڕێکخستنەوەی نرخ سوود لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەی ڕووناکی وەربگرێت”.

 

سیوەیلی ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ٢٠٠٦دا، ئەیهەم سامەرائی وەزیری پێشووتری کارەبای عێراق، گرێبەستی وێستگەی بەرھەمهێنانی کارەبای ھەولێری لەگەل کۆمپانیای ماس گلۆبەڵ (ئەو کاتە ماس جۆردەن بوو) واژۆ کرد. ھێندەی پێنەچوو، کەریم وەحید بووە وەزیر و  گرێبەستەکەی ھەڵوەشاندەوە.

 

ئەو دەڵێ: “ھەوڵەکانی کۆمپانیاکە و ئێمەش بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکە بێسوود بوو. وەزیری کارەبای ئەو کاتەی عێراق لای وابوو کەرتی تایبەت لە بواری بەرھەمهێنانی کارەبادا سەرکەوتوو نابێت. دوای سەرکەوتنی ئەو ئەزموونە و دانانی سێ وێستگەی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، حکوومەتی عێراق پەنای بۆ ھەمان وەبەرھێنەر برد تا ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە بەشەکانی تری عێراق دووبارە بکاتەوە”.

 

وەزیری پێشووتری کارەبای حکوومەتی هەرێم زیاتر دەڵێ: “ئەگەر لەو بوارەدا سوودیان لە ئەزموونی ھەرێم وەرگرتبێت دەتوانن سوود لە پڕۆژەی ڕووناکییش وەربگرن  لە ڕێگەی دانانی پێوەری زیرەک و ڕێکخستنەوەی نرخ”.

 

ئەو، ئاماژە بە لێدوانێکی وەزیری کارەبای عێراق دەدات، کە دەڵێ، ئاستی بەرھەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا گەشتووەتە ٢٨ ھەزار مێگاوات و هاوکات بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی ٥٩٪ی بڕی بەرهەمهێنراوی کارەبا لە عێراق ون دەبێت یان بە فیڕۆ دەڕوات، “ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە”.

 

هۆشیار سیوەیلی، هەرزانی نرخی کارەبا لە عێراق بە کێشەیەکی دیکە دادەنێت لە چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا و بۆیە وەک دەڵێ: “بە سوودوەرگرتن لە شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دەکرێت تا ئاستێکی باش ئەم دوو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام زیادکردنی نرخ ئیرادەی سیاسی دەوێت. ئایا حکوومەتی عێراق خاوەنی ئەو ئیرادە سیاسییەیە؟”، وەزیری پێشووتری کارەبای حکوومەتی هەرێم وای گوتووە.

Exit mobile version