گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چوار ملیۆن گەشتیاری بیانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن گەیشتوونەتە عێراق.
عەقید عەباس ئەلبەهدلی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چوار ملیۆن گەشتیار و سەردانیکەرەی چلەی ئیمام حوسێن لە ١٢٠ وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
هەرچەند، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ، وردەکاری لەبارەی ژمارەی گەشتیار و سەردانیکەرانی بیانی بەگوێرەی وڵاتەکانیان نەکرد، بەڵام پێشبینی دەکرێت، زۆرینەی ڕەهایان ئێرانی بن.
ساڵانە، ملیۆنان گەشتیاری بیانی و سەردانیکەرانی ناوخۆیی عێراق بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن. ساڵی ڕابردوو، بە سەرجەم سەردانیکەرانی بیانی و ناوخۆییەوە، زیاتر لە ٢١ ملیۆن کەس بەشدارییان لە چلەی ئیمام حوسێن کرد.

