بەڕێوەبەرایەتییەکە لە “ئاگەدارییەکی بەپەلە”دا، هاووڵاتییان ئاگەدار دەکاتەوە، لەوەی پەیدابوونی باندێک کە وێنە و ڤیدیۆ گشتییەکانی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سناپ چات، فەیسبووک و ئینستاگرام وەردەگرن و دواتر هەڕەشە لە خاوەنەکانیان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە، لە بەرانبەر دووبارە بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕوونیکردووەتەوە، کە باندەکە، دەستکاری وێنە و ڤیدیۆکان دەکەن و نووسینی نەشیاویان لەسەر دادەنێن، “دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆیی و ئایینی”.
لەو ڕوانگەیەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، خۆیان بپارێزن لە بڵاوکردندەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکان، بەشێوەی گشتی ” public ” لە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە ئەگەری ڕوودانی هەر حالەتێکی لەو چەشنەشدا، پێشنیاز دەکات سەردانی نووسینگەکانی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات، کە هێزەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەو کارە هەڵدەستن.

